مەسەللـە مەراسیمێک بۆ رۆژى پەنابەران لەکەورگۆسک رێکخست



 

بەبۆنەى رۆژى جیهانى پەنابەران، مەسەللـە بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان بەهەماهەنگی رێکخراوە نێودەوڵەتى و جیهانیەکان، لەنێو کەمپی کەورگۆسک بۆ پەنابەرانى سووریا، کۆمەڵێک چالاکیی جۆراجۆر ئەنجامدا.

لەو مەراسیمە کەژمارەیەکى زۆر لەکەسایەتیە بیانى و دیبلۆماتی و، رێکخراوەییەکان ئامادەیی بوون، مەسەللـە بەدەقیقەیەک وەستان وەک رێزێک بۆ گیانى قوربانیان دەست بەچالاکییەکانى خۆی کرد.

سەرەتاى مەراسیمەکەش پەیامێک لەلایەن بەرێوەبەرى کەمپى کەورگۆسک دەستى پێکردو، دواتر لەلایەن فاتیمە هاشم، توێژەرو نوێنەرى مەسەللـە بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان ووتەیەکی پێشکەش کردو، تێدا باسى لەڕەوشى پەنابەران و کارەکانى رێکخراوەکەیانى بۆ ئامادەبووان کرد.

پاشان لەلایەن نەزمی حزورى، باڵیۆزی قونسڵخانەى گشتى وڵاتى فەلەستین لەهەرێمى کوردستان، کەئامادەی مەراسیمەکە بوو، ووتەیەکى لەبارەى پەنابەرانەوە پێشکەش کرد.

ئاماژەی بەوەشداوە " تاپەنابەر نەگرێتەوە وڵاتەکەى خۆی، هەردەم پێناسەى پەنابەرى هەڵگرتووەو، هیچ کەسێک رێزو شایستەى نیە تەنها لەوڵاتى خۆى نەبێت".

حزورى ئومێدەواریش بوو " برایانى پەنابەرى سووری بگەرێنەوە خاک و وڵاتى خۆیان و، کۆتایی بەو ڕەوشەى پەنابەران بهێنرێت".

بەشێکى دیکەى چالاکییەکان، پێشکەشکردنى پارچەیەک لەهەڵپەرکێی فلکلوری بوون، هەروەها نمایشکردنى شانۆیەک لەبارەى ڕەوشى پەنابەران لەکاتى جەنگ و ئاوارەییدا.

دواتر ژمارەیەک گەنجی نێو کەمپەکە، نمایشێکى جوانى بیانیان پێشکەش کرد.

مەسەللـە بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان لەرێگەى دوو سەنتەرى گەنجان و ئافرەتان لەنێو کەمپی کەورگۆسک، چەندین چالاکیی و پرۆژەى ئەنجامداوە، بەتایبەت بۆ ئافرەتانى نێو کەمپەکە.

 لەکۆى سەرووى 246 هەزار پەنابەرى سووری، نزیکەى سەدا 47 یان لەشارى هەولێر نیشتەجێبوونەو، زۆربەشیان لەکەمپی کەورگۆسک و دارەشەکران و باسرمەیە.

جگە لەو چالاکییانەى لەبواری پەنابەرانەوە ئەنجامدراوە، مەسەللـە بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان توانیویەتى جێی دەستى خۆى لەنێو کەمپەکانى پەنابەران و ئاوارەکاندا هەبێت، بەتایبەت لەرووى هاریکاری کردنى چینە زۆر هەژارەکانى نێو کەمپەکانى ئاوارەو پەنابەراندا.

مەسەللـە لەزۆربەى کەمپی ئاوارەو پەنابەراندا سەنتەرى پەرەپێدان و بەدواداچوونی هەیەو، بەتایبەت بۆ ئافرەتان، کەتوانراوە چەندین مشق و راهێنانیان بۆ بکەنەوە.

 

 

 

Unable to open the PDF file.