پێکهاتەکان تاوتوێی هەڵبژاردن و کۆتای پەرلەمان دەکەن



 

لەچوارچێوەى پرۆژەى میزۆپۆتامیا و، تاوتوێ کردنى کەیسى پێکهاتەکان لەهەرێمى کوردستان، مەسەللـە بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان، بەهەماهەنگی رێکخراوی سۆرایا بۆ رۆشنبیری و راگەیاندن سیمینارێک لەبارەى هەڵبژاردن و کۆتای پێکهاتەکان لەشاروچکەى عەنکاوە رێکخست.

ئەو سیمینارە کەنوێنەرایەتى زۆربەى پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان تێدا بەشداربوون، هەریەک لە زیا پەترۆس، سەرۆکى دەستەى سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لەهەرێمى کوردستان و، هۆشیار مالۆ، چاودێری هەڵبژاردنەکان و، نەوزاد پۆڵس، چاودێری راگەیاندن سیمینارەکەیان بەرێوەبرد.

سەرەتا دەستپێکردنى سیمینارەکەش ئەحمەد کاوانی، رێکخەرى پرۆژەکانى میزۆپۆتامیا لەنێو مەسەللـە بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان ئاماژەى بەوە کردووە " ئەو پرۆژەیەى ئەوان جێبەجێی دەکەن، لەلایەن یەکێتى ئەورۆپاوە پارەدارکردنى دابین کراوە".

روونیشیکردەوە "  مەسەللـە لەپرسى پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق رۆڵێکى کارای هەیەو، دەستێکى باڵاشى هەبووە لەدروستکردنى تۆڕی پێکهاتەکان".

کاوانى گووتیشى " چالاکی داھاتوەی مەسەللـە بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان، لەشارى دهۆک دەبێت کەبۆیەکەمجارە لەهەرێم رۆژى جیهانى گەلانى ڕەسەن دەکاتەوە لە 9 تەمموزی داهاتوو".

رێکخەرەی پرۆژەکانى مەسەللـە هیماى بەوەشکردووە " گرنگییەکى گەورەیان بە زمان و فەرهەنگی ئایینى پێکهاتەکان داوە.

هاوکات زیا پەترۆس، سەرۆکى دەستەى سەربەخۆیی مافى مرۆڤ، لەووتارەکەیدا کۆمەڵێک زانیاریی و داتای لەبارەى پێکهاتەکان و، مافى هەڵبژاردن و سەرپێچییەکانى دوایین هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقی خستەروو.

جەختى لەوەشکردەوە "پێویستە لایەن و پێکهاتەکان دوور لەدەستێوەردانی لیستە گەورەکان نوێنەرایەتى راستەقینەى خۆى دیاریی بکات ".

هاوکات هۆشیار مالۆ، کە لەهەڵبژاردنەکانى 12 ئایاری رابردوو چاودێر بووە، ئاشکرای کرد، دەیان سەرپێچی و پێشڵکاریی لەهەڵبژاردنەکان ئەنجامدراوە.

سووریش لەوەی لیستە گەورەکان هەمیشە هەوڵیانداوە  دەنگی لیستە بچووکەکانیش بۆخۆیان ببەن و، لەنێو خۆیاندا دابەشی بکەنەوە.

نەوزاد پۆڵس، سەرۆکى رێکخراوی سۆرایا بۆ رۆشنبیری و راگەیاندو، هاوکات چاودێرێکى کارای راگەیاندنە، دووپاتیکردەوە " پێویستە پێکهاتەکان  لەبەرەیەکى هاوبەشدا کۆببنەوەو، بتوانن نوێنەرى راستەقینەى خۆیان دیاریی بکەن".

سووریش بووە لەوەى دەبێت کار بکەن، کۆتای پێکهاتەکان لەپەرلەمانى کوردستان بەرز بکرێتەوەو، ژمارەیان لەوە زیاتر بێت کەئێستا هەیە.

پێشنیاری ئەوەشى خستە بەردەم ئامادەبووان کەژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان لە 111 کورسییەوە بکرێتە 150 و ژمارەى پێکهاتەکانیش لە 25 کورسى کەمتر نەبێت.

 

Unable to open the PDF file.