موسڵ ئاهه‌نگی یه‌كه‌م ساڵیادی گێرا



 

به‌بۆنه‌ی یه‌كه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندییه‌وه‌، سه‌نته‌ره‌كانی ئافره‌تانی مه‌سه‌للـه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان له‌شاری موسڵ، ئاهه‌نگێكی فراوانیان بۆ مه‌به‌سته‌ رێكخست.

ئه‌و ئاهه‌نگه‌ كه‌به‌به‌شداریی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی شاره‌كه‌و، ستاف و ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكاری مه‌سه‌للـه‌ به‌رێوه‌چوون، كه‌هێشتا شاره‌كه‌ نیوه‌ی له‌شه‌ڕی رزگار كردندا بووه‌.

سه‌ره‌تاش ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌سرودی نیشتیمانی عێراقی به‌رێوه‌چوون و، دواتر  عه‌لی ره‌سام، رێكخه‌ری مه‌یدانی مه‌سه‌للـه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان له‌موسڵ، ووته‌یه‌كی پێشكه‌ش كردو، به‌خێرهاتنی مێوانانی كرد بۆ به‌شداریی كردن له‌ئاهه‌نگی ساڵیادی كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان له‌و شاره‌.

ره‌سام باسی له‌ئالیه‌ت و كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی مه‌سه‌للـه‌ له‌موسڵ كردو، چۆنیه‌تی پلاندانان و فراوانبوونیان له‌ماوه‌ی ساڵێك ئه‌نجامداوه‌.

دواتر ئیبراهیم ئیسماعیل، به‌رێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری مه‌سه‌للـه‌، له‌باره‌ی خه‌ونی كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی رێكخراوه‌كه‌یان و چۆنیه‌تی كاركردنی ستافه‌كانیان له‌و شاره‌ بۆ ئاماده‌بووان باسكرد.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا " سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵێك بیروكه‌ی سه‌ره‌تاییمان هه‌بوو، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و كۆششی عه‌لی ره‌سام، توانرا پلانێكی فراوان و، نه‌خشه‌رێگایه‌كی گه‌وره‌ دارێژن".

هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رجه‌م ستافی سه‌نته‌ره‌كانی موسڵ كرد، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌وڵ و كۆششه‌ی بۆ سه‌رخستنی كاره‌كانی مه‌سه‌للـه‌و پلانه‌كانی خستویانه‌گه‌ڕ.

له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ دیانا كاكۆ، به‌رێوه‌به‌ری كه‌یسی ئافره‌تان و، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌رێوه‌به‌ردنی مه‌سه‌للـه‌ ووته‌یه‌كی پێشكه‌ش كردو، زیاتر جه‌ختی كرده‌ سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ی رێكخراوه‌كه‌یان كاری له‌سه‌ر ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌موسڵ و هه‌موو عێراق.

به‌شێكی ئاهه‌نگی یه‌كه‌م ساڵیادی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی مه‌سه‌للـه‌ له‌موسڵ، نمایشكردنی ڤیدیۆییه‌كی دیكۆمێنتاری بوو له‌سه‌ر كارو چالاكییه‌كانی سه‌نته‌ره‌كان بوو له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی موسڵ.

مه‌سه‌للـه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان، یه‌كێكه‌ له‌و رێكخراوانه‌ی به‌زووترین كات و به‌شێوه‌یه‌كی خێرا هاریكارییه‌كانی گه‌یانده‌ شاری موسڵ، كه‌هێشتا نیوه‌ی شاره‌كه‌ رزگار نه‌كرابوون و، شه‌ڕو پێكدادان تێدا دروست ببوو.

هاوكات تیپی مۆسیقای ئه‌وتار نركاڵ كه‌له‌چه‌ند گه‌نجێك پێكهاتبوون، چه‌ند كۆپڵه‌یه‌كی مۆسیقای پێشكه‌ش ئاماده‌بووان كرد.

دواتر زۆربه‌ی به‌شداربووانی خووله‌كانی مه‌سه‌للـه‌و ستافه‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌و به‌جۆرێك باسی له‌خه‌ونه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌للـه‌ ده‌كرد.

له‌چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانیش خه‌ڵاتی رێزلێنان و قه‌ڵغان به‌سه‌ر ستافی مه‌سه‌للـه‌، به‌رامبه‌ر كاره‌كانیان پێشكه‌شكرا، له‌نێو خه‌ڵاته‌كانیش رێزلێنانی كارمه‌ندانی رێكخراوی UNFPA بوون.

پاشان هه‌موو ستافه‌كه‌ پێكه‌وه‌ كێكی تایبه‌ت به‌ئاهه‌نگی یه‌كه‌م ساڵیادی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی مه‌سه‌للـه‌ دابه‌شكرد، كه‌به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌راسیمه‌ ئاماده‌ كرابوون.

مه‌سه‌للـه‌، له‌ماوه‌ی ساڵانی كاركردنیدا به‌رامبه‌ر چالاكیی و كاركردنیدا كه‌چه‌ندین بواری و پێكهاته‌ی گرتۆته‌وه‌ خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی به‌ده‌ستهێناوه‌.

به‌پێی دوایین ئاماریش له‌موسڵ مه‌سه‌للـه‌ توانیویه‌تی ده‌ستی هاریكاری بگه‌یه‌نێته‌ سه‌رووی 10 هه‌زار ئافره‌ت و گه‌نجی ئه‌و شاره‌و، له‌خوول و راهێنانه‌كانیدا به‌شدارییان پێبكات، كه‌زۆربه‌یان بۆ رزگار بوون بووه‌ له‌كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنیه‌كانی ڕه‌وشی دوای 2014 و جه‌نگ.

Unable to open the PDF file.