كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌پرسی پێكهاته‌كان رێكخرا



له‌دریژه‌ی كارو چالاكییه‌كانی مه‌سه‌للـه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان، له‌رۆژی دووهه‌می دانیشتنی نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌شاری هه‌ولێر، پرسی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كران.

مه‌سه‌للـه‌ كه‌یه‌كێكه‌ له‌و رێكخراوانه‌ی پشكداره‌ له‌دروستكردنی كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان، كه‌بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تاكانی مانگی كانونی یه‌كه‌می 2017 له‌شاری كه‌لار به‌رێوه‌بچێت، كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ری تایبه‌ت به‌و پرسه‌ خسته‌روو.

نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی، چه‌ندین كه‌یس و پرۆژه‌و بابه‌تیان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ خستۆته‌روو.

گرنگترین بابه‌تیش چۆنیه‌تی رووماڵكردنی پرسی پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ناوچه‌كانی جه‌نگه‌وه‌ ئاواره‌ی شاره‌كانی هه‌رێم بوونه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، مه‌سه‌للـه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان، رۆژێكی یه‌كه‌می دانیشتنه‌ گشتییه‌كانی ئاماده‌كارییه‌كانی كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان، تایبه‌ت بووه‌ به‌پرسی ئافره‌تان.

هاوكات جگه‌ له‌و دانیشتنه‌ كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆی دوو لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی رێكخراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌شاره‌كانی " سلێمانی، عه‌ربه‌ت، دهۆك و هه‌ولێرو گه‌رمیان" ساز كراوه‌.

كارزان حه‌مید، رێكخه‌ری پرۆژه‌ی پێكهاته‌كانی نێو كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان له‌نێو مه‌سه‌للـه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ " ئه‌و چالاكییانه‌، زیاتر تایبه‌ته‌ به‌چۆنیه‌تی رووماڵكردن و خستنه‌رووی پرسی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان".

روونیشیكرده‌وه‌ " پرسی پێكهاته‌كان له‌رووی یاسایی و مامه‌ڵه‌كردنه‌وه‌، بابه‌تێكی هه‌ستیاره‌و ده‌بێت، به‌ووردی كاری له‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ماف و پێگه‌ی خۆیان پێ بدرێت و، ببنه‌ هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ له‌نێو چالاكییه‌كانی كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان".

له‌هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌نه‌ته‌وه‌ی كورد، چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ وه‌ك توركمان، سریان، ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب نیشته‌جێ، له‌پاڵ ئه‌وانه‌ش پێكهاته‌ی ئایینی وه‌ك موسڵمان، كریستان، كاكه‌ییی و زه‌رده‌شتی و جوو هه‌ن.

مه‌سه‌للـه‌ یه‌كێكه‌ له‌و رێكخراوانه‌ی له‌عێراق و كوردستان، چه‌ندین چالاكیی و پرۆژه‌ی هه‌مه‌جۆری پێشكه‌ش كردووه‌و، له‌ساڵانی رابردووش چه‌ندین خه‌ڵاتی كاركردنی به‌ده‌ستهێناوه‌و، توانیویه‌تی پێگه‌ی له‌نێو كاری رێكخراوه‌یی به‌هێزتر بكات.

Unable to open the PDF file.