په‌یڕه‌وی ناوخۆ



رێكخراوی مه‌سه‌للـه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان

هه‌ولێر : 2012

به‌شی یه‌كه‌م: ناسنامه‌ی رێكخراو

مادده‌ی یه‌كه‌م (ناو): رێكخراوی مه‌سه‌للـه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان

مادده‌ی دووهه‌م (ناوه‌ند): باره‌گای گشتی رێكخراوه‌كه‌ له‌شاری هه‌ولێر ده‌بێت و، ده‌توانێت لقی دیكه‌ش له‌شاره‌كانی عێراق به‌پێی پێویست دوای بڕیاردانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر بكاته‌وه‌.

مادده‌ی سێهه‌م (دروشم) : سه‌ره‌تا مرۆڤ

مادده‌ی چواره‌م : نمونه‌ی لۆگۆی رێكخراو

مادده‌ی پێنجه‌م : نمونه‌ی مۆری رێكخراو

مادده‌ی شه‌شه‌م (سروشتی كاركردن): مه‌سه‌للـه‌ رێكخراوێكی ناحكومیی قازانج نه‌ویستی سوودی گشتیه‌، خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌عنه‌ویی سه‌ربه‌خۆیی دارایی و كارگێرییه‌.

مادده‌ی حه‌وته‌م : ئامانجه‌كان

1.            په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان و پشكداربوون له‌چه‌سپاندنی بنه‌ما دیموكراتیه‌كان

2.            بڵاوكردنه‌وه‌ی كلتووری بونیاتنانی ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی ململانێی و ئاكاری ناتوندوتیژی

3.            تواناسازیی ئافره‌تان و هاریكاریی كردنی قوربانیانی توندوتیژی و تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به‌كۆمه‌ڵگا

4.            هۆشیاریی له‌باره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و مافه‌ مه‌ده‌نیی و ئازادییه‌ گشتیه‌كان.

5.            پته‌وكردنی روحی هاریكاریی خۆبه‌خشی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا

6.            هاریكاریی كردنی چینه‌ لاوازو په‌راوێزخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ وه‌ك ئاواره‌و ده‌ركراوه‌كان و پێكهاته‌كان (الاقلیات) ... هتد

مادده‌ی هه‌شته‌م: رێكاره‌كانی جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كان:

ئه‌نجامدانی كۆڕو سیمینارو وانه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراتی وپته‌وكردنی بناغه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.

سازدانی وۆرك شۆپی راهێنان بۆ بونیاتنانی توانای تاكه‌كان و رێكخراوه‌كان له‌دروستكردنی ئاشته‌وایی و چاره‌سه‌ركردنی ململانێیه‌كان به‌رێكاری ناتوندوتیژی و، په‌نا نه‌بردن بۆ به‌كارهێنانی هێز.

نوێنه‌ری یاسایی و ناوبژیوانی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و ده‌روونی بۆ چینه‌ جیاوازییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ئافره‌ته‌ توندوتیژ لێكراو.

كردنه‌وه‌ی هێڵی گه‌رم بۆ هاریكاری ئافره‌تان له‌توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی

پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌ی ئێزگه‌یی و ته‌له‌ڤزیۆنی، به‌ئامانجی هۆشیاری له‌مافه‌كانی مرۆڤ و، مافه‌كان و ئازادییه‌ گشتیه‌كان كه‌له‌لایه‌ن یاسا ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ په‌سه‌ند كراون.

چاپكردنی كتێب و بڵاوكراوه‌ كه‌پشكدارن له‌هۆشیار كردنه‌وه‌و، به‌رز كردنه‌وه‌ی هۆشیاری چینه‌ جیاوازه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌و، پشكدار كردن له‌دڵنیایی كردنی سه‌رچاوه‌ی زانیاریی درێژ خایه‌ن پێداویستیه‌ رۆشنبیرییه‌كان به‌دی بهێنێت.

ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی، خزمه‌ت به‌سیاسه‌تی په‌ره‌پێدانی رێكخراو له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ بكات.

دۆستایه‌تی له‌نێو رێكخراوه‌كان و لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان دروست ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی رووحی ده‌ستپێشخه‌ری و كاری هه‌ره‌وه‌زی به‌دی بێت، به‌و ئاراسته‌ی ئه‌نجامدان و ته‌واوكاری پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ دروست بن و،  بۆ قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌تری پشتگیری میللی له‌چاره‌سه‌ر كردنی پێداویستیه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان بێته‌دی.

به‌شی دووهه‌م: ئه‌ندامێتی

مادده‌ی نۆیه‌م : ئه‌ندامێتی رێكخرا

هه‌ر كه‌سێك گه‌یشته‌ ته‌مه‌نی یاسایی و خاوه‌ن ڕه‌وشتێكی باش بێت و، پابه‌ند بێت به‌پڕه‌وی ناوخۆیی رێكخراو بێت و ئاماده‌ی تێدا بێت كاری خۆبه‌خشی بكات، داوایه‌ك بۆ ئه‌ندامێتی پێشكه‌ش بكات، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كارگێری په‌سه‌ند ده‌كرێت.

مادده‌ی ده‌یه‌م : جۆرێتی ئه‌ندامێتی

ئه‌ندام

ئه‌ندامی شه‌ره‌ف

مادده‌ی یانزه‌م : ئه‌رك و مافی ئه‌ندامێتی

أ‌.ئه‌ركه‌كانی ئه‌ندامێتی:

پشكدار كردن له‌كێشانی ستراتیژییه‌تی رێكخراو

پشكدار كردن له‌جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی رێكخراو و، كار كردن له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی كلتووری خۆبه‌خشی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌.

پاراستنی ئابروو و كه‌رسته‌ی رێكخراو

ب‌.مافی ئه‌ندامێتی:

مافی خۆ پاڵاوتن بۆ ده‌سته‌كانی رێكخراو

پێشكه‌شكردنی پێشنیار بۆ كاراكردن و په‌ره‌پێدانی كاری رێكخراو

مافی ڕه‌خنه‌گرتن

مافی ده‌ست له‌كاركشانه‌وه‌

ت‌.مه‌رجی ئه‌ندامێتی:

عێراقی بێت (نێر یاخود مێ)، ته‌واوی مه‌رجیی تێدا بێت و، ته‌مه‌نی (18) هه‌ژده‌ ساڵی ته‌واو كردبێت.

خاوه‌ن ئاكارێكی باش بێت.

پابه‌ندی په‌یڕه‌وی ناوخۆیی رێكخراو بێت

ئاماده‌كار بێت بۆ كاركردن له‌یه‌كێك له‌یه‌كه‌كانی رێكخراو

تومه‌تبار نه‌بێت به‌تاوانێكی كه‌تن

مادده‌ی دوانزه‌م : ئه‌ندامی شه‌ره‌ف:

سیفه‌تێكی رێزلێنانه‌ ده‌به‌خشرێته‌ ئه‌وانه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كی تایبه‌تمه‌ند به‌رێكخراو ئامانجه‌كانی ده‌كه‌ن.

ئه‌ندامی شه‌ره‌ف به‌بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ده‌به‌خشرێت.

مادده‌ی سیانزه‌هه‌م: له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێتی:

مافی ئه‌ندامێتی له‌م حاڵه‌تانه‌ له‌ده‌ست ده‌درێن:

یه‌كه‌م: ده‌ست له‌كاركشانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌: ئه‌ندام مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، به‌شێوه‌ی نووسراو ده‌ست له‌كاركشانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ پێشكه‌ش بكات.

دووهه‌م: ده‌ست له‌كاركشانه‌وه‌ به‌بڕیار : له‌حاڵه‌تێكدا پابه‌ند نه‌بێت به‌په‌یڕه‌وی ناوخۆیی و مافه‌كانی رێكخراو، بڕیاره‌كه‌ش به‌زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ده‌بێت.

سێهه‌م: ده‌ركردن: ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش به‌بڕیاری دوو سێ له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ده‌درێت، ئه‌گه‌ر هاتوو زیانی به‌ئابرووی رێكخراوه‌كه‌و، رێگری له‌جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی داو، زیانی داراییشی به‌رێكخراوه‌كه‌ گه‌یاند.

به‌شی سێهه‌م : په‌یكه‌ربه‌ندی رێكخراوه‌یی رێكخراو

مادده‌ی چوارده‌م : رێكخراو له‌م ده‌ستانه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێت:

ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر

ئه‌نجومه‌نی كارگێری

ده‌سته‌ی راوێژكاری

گرووپی پاڵپشتی كارگێری

لق له‌پارێزگاكان

مادده‌ی پانزه‌هه‌م : ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر

ده‌سه‌ڵاتی باڵایه‌ بۆ بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌رێكخراو، له‌نێویاندا هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌، ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ئه‌م كارانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌نجامده‌دات.

دانانی به‌رنامه‌و پلانی كار بۆ رێكخراو

هه‌موار كردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆیی

گفتوگۆ و بڕیار دان له‌راپۆرته‌كانی رێكخراو (دارایی و ئه‌نجامییه‌كان)

دامه‌زراندنی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری به‌پێی گرێبه‌ستی كاتی دیاریی كراو و، به‌پێی پێویست، ته‌نانه‌ت ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كانی هه‌یه‌.

دیاریی كردنی كه‌سێك نوێنه‌رایه‌تی رێكخراوه‌كه‌ بكات و، له‌كاتی پێویستیشدا مافی كشاندنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ی هه‌یه‌.

بانگهێشتكردن بۆ سازدانی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی گشتی .

كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌و ئالیه‌تی بڕیاردان:

أ‌.ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر سێ مانگ جارێك كۆده‌بێته‌وه‌و، له‌حاڵه‌تی ناكاویشدا كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ ساز ده‌كات

ب‌.بڕیاره‌كانی به‌شێوه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ده‌بێت.

ت‌.تاوتوێی سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری و ده‌سته‌ی چاودێری له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌و چالاكییه‌كانی رێكخراو ده‌كات

ث‌.شه‌ش مانگ جارێك له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی كارگێری و ده‌سته‌ی چاودێری كۆده‌بێته‌وه‌و، له‌حاڵه‌تی ناكاویشدا كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ ساز ده‌كه‌ن.

مادده‌ی شانزه‌هه‌م: ئه‌نجومه‌نی كارگێری:

ئه‌نجومه‌نی كارگێری به‌بڕیاری ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر به‌كرێیه‌كی دیاریی كراو، به‌پێی پێویستی كار كردن داده‌مه‌زرێن، ئه‌نجومه‌نی كارگێریش باڵاترین ده‌سته‌ی جێبه‌جێكارییه‌ له‌رێكخراو، ئه‌ندامانیشیان ئه‌م به‌رپرسیارێتیانه‌ له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن:

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كارگێری: به‌بڕیاری ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر داده‌مه‌زرێت و، سه‌رپه‌رشتی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ده‌كات و، نوێنه‌رایه‌تی رێكخراو و بازنه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌ له‌لایه‌نه‌ فه‌رمیی و نافه‌رمییه‌كان ده‌كات.

مافی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌پێی پێویست بداته‌ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری، هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتی سه‌رجه‌م یه‌كه‌كانی رێكخراو و فراوانكردنی چالاكییه‌كانی ده‌كات.

بازنه‌ی به‌ستنه‌وه‌یه‌ له‌نێوان ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو ده‌سته‌ی جێبه‌جێكار له‌ده‌سه‌ڵاتیدایه‌ فه‌رمانبه‌ران بۆ جێبه‌جێكردنی چالاكیی و پرۆژه‌و، مافی ئه‌وشدایه‌ گرێبه‌سته‌كان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و.

له‌سه‌ریه‌تی راپۆرتی مانگانه‌ پێشكه‌ش به‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر بكات.

به‌رپرسی دارایی : له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت و، به‌رپرسی سه‌رجه‌م پرسه‌ داراییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌یه‌.

سه‌رجه‌م مامه‌ڵه‌ داراییه‌كانیشه‌وه‌ له‌رێگه‌ی به‌رپرسی داراییه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌چن و، لێژنه‌یه‌ك كه‌له‌سێ كه‌س كه‌متر نه‌بێت هاریكاریی ده‌كات له‌نێو رێكخراو.

به‌رپرسی كارگێری: له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌وه‌ دیاریی ده‌كرێت و، به‌رپرسه‌ له‌هه‌ماهه‌نگی له‌هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری و به‌دیكۆمێنت كردنی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و كۆبووانه‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌وانه‌ش به‌رپرسیارێتی كارگێری كاره‌كانی سه‌رجه‌م رێكخراو له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

تیمی پرۆژه‌كان: دوو یاخود زیاتر (به‌پێی پێویست) له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت و، كار له‌سه‌ر به‌رنامه‌و پرۆژه‌كانی رێكخراو ده‌كه‌ن و، ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به‌پێی شاره‌زایی و ئه‌ركه‌ راسپێدراوه‌كانیان ده‌بێت كه‌له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كارگێرییه‌وه‌ پێیان ده‌درێت.

مادده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م : كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی كارگێری و ئالیه‌تی بڕیاردان:

ئه‌نجومه‌نی كارگێری مانگی جارێك كۆده‌بێته‌وه‌و، له‌حاڵه‌تی نائاساییدا كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ رێكده‌خات

بڕیاردان به‌شێوه‌ی نیوه‌ كۆ یه‌ك ده‌بێت.

به‌رنامه‌و چالاكییه‌كانی رێكخراو جێبه‌جێ ده‌كات و، به‌رپرسه‌ له‌سه‌ر كاری رێكخراوه‌كان له‌كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی گشتی .

راپۆرتی مانگانه‌ پێشكه‌ش به‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ ده‌كه‌ن و، به‌شداریی له‌كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش ده‌كه‌ن.

مادده‌ی هه‌ژده‌هه‌م: ده‌زگای جێبه‌جێكار:

له‌كۆمه‌ڵێك فه‌رمانبه‌ری به‌رپرس له‌جێبه‌جێكردنی چالاكیی و كاره‌كانی رێكخراو پێكهاتووه‌و، ته‌رخانكراون بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێكخراو به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو یاخود پارت تایم، به‌پێی پێویست ده‌بێت.

فه‌رمانبه‌رانی ده‌زگای جێبه‌جێكار به‌رامبه‌ر كاره‌كانیان كرێیه‌ك وه‌رده‌گرن و، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كارگێریش سه‌رۆكایه‌تیان ده‌كات و، ماف و ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندن و كۆتایی هێنان به‌كاره‌كانی هه‌یه‌.

مادده‌ی نۆزده‌هه‌م : گروپی راوێژكاریی:

له‌كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی خاوه‌نی شاره‌زایی و لێهاتوون، له‌یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌چالاكییه‌كانی رێكخراو هه‌یه‌و، راوێژكار پێویسته‌ باوه‌ڕی به‌ئامانجه‌كانی رێكخراو هه‌بێت و ئاماده‌یی تێدا بێت، به‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خشی كار بكار بكات و، په‌یوه‌ندیی راوێژكاریی رێكخراو پشت به‌مانه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌:

أ‌.راوێژكاری، ئه‌ندامی رێكخراو نیه‌و، په‌یوه‌ندییه‌كانیشی هیچ به‌رپرسیارێتی یاسایی هه‌ڵناگرێت.

ب‌.په‌یكه‌ربه‌ندی رێكخراو ژماره‌یه‌كی دیاریی كراوی راوێژكاری نه‌كردۆته‌ مه‌رج.

ت‌.ده‌كرێت رێكخراو ناوی گروپی راوێژكارانی له‌بڵاوه‌كراوه‌كانی بڵاو بكاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ پاراستنی سه‌رجه‌م مافه‌ هزرییه‌كانیان، هاوكات هیچ به‌رهه‌مێكی فیكرییان به‌مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندییان بڵاو ناكاته‌وه‌.

ث‌.هه‌ر راوێژكارێك مافی پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌یه‌، ئه‌ویش دوای ئاگادار كردنه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و، دوای مانگێك له‌وه‌رگرتنی ئاگادارینامه‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پچڕاو هه‌ژمار ده‌كرێن.

مادده‌ی بیسته‌م : گروپی پاڵپشتی كارگێری:

كۆمه‌ڵێك گروپی خۆبه‌خشن باوه‌ڕیان به‌ئامانجه‌كانی رێكخراو هه‌یه‌و، ئاماده‌ییان تێدایه‌ هاریكاریی پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی چالاكییه‌كانی رێكخرا.

له‌كاتی پێویستی چالاكییه‌كی رێكخراودا بۆ دیاریی كردنی جۆری چالاكییه‌كه‌یان بانگهێشت ده‌كرێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا رێكخراو هه‌وڵ ده‌دات تواناكانیان په‌ره‌ پێبدات هه‌ریه‌كه‌و به‌پێی توانایی و لێهاتوویی خۆی.

مادده‌ی بیست و یه‌ك: رێكاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌لقه‌كانی رێكخراو له‌هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكانی عێراق:

أ‌.هه‌ر گروپێك له‌دانیشتووی پارێزگایه‌ك بێت و رێكخراو لقی نه‌بێت، ده‌توانن داوایه‌ك ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری رێكخراو بكه‌ن، به‌مه‌رجێك له‌ 5 كه‌س كه‌متر نه‌بێت له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز بۆ كردنه‌وه‌ی لقێك له‌پارێزگاكه‌یان.

ب‌.ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری رێكخراو، هه‌ڵوێستی خۆی له‌داواكارییه‌كه‌ دیاریی ده‌كات و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.

ت‌.بڕیاره‌كه‌ ناوی لق و سروشت و باروگاو ئامانجه‌كانی و گروپه‌كه‌ داواكاران دیاریی ده‌كات، كه‌ئه‌نجومه‌نێكی دامه‌زرێنه‌ری لقه‌كه‌ و به‌رپرسیارێتی كردنه‌وه‌ی لق له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

مادده‌ی بیست و دوو : ده‌سته‌ی چاودێری:

ده‌سته‌یه‌كی هه‌ڵبژێردراوی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی گشتییه‌و، ژماره‌یان له‌سێ ئه‌ندام كه‌متر نیه‌و، كاری چاودێریی ئه‌نجامده‌ده‌ن و، ئه‌نجومه‌نی كارگێری و ده‌زگا راپۆرته‌ وه‌رزییه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر ده‌كه‌ن.

كاره‌كانیان خۆبه‌خشانه‌یه‌و بێ به‌رامبه‌ره‌، كاره‌كانیان له‌نێوان هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی گشتی به‌رێوه‌ده‌چێت و، راپۆرتی گشتگیر له‌باره‌ی كاره‌كان پێشكه‌ش به‌كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی ده‌كات.

هاوكات نابێت ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر خۆیان بۆ ئه‌ندامێتی ده‌سته‌ی چاودێری بپاڵێون.

مادده‌ی بیست و سێهه‌م : ده‌سته‌ی گشتی :

یه‌كێكه‌ له‌ده‌سته‌كانی رێكخراو و، ئه‌ندامانیشی له‌ (ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو، ئه‌نجومه‌نی كارگێری و ده‌سته‌ی چاودێری و نوێنه‌رانی لقه‌كان و ده‌زگای پاڵپشتی كارگێری و راوێژكاره‌ ئاره‌زوومه‌ندی به‌شداریی)یه.

ساڵی جاریك به‌بانگهێشتی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر كۆده‌بێته‌وه‌و، له‌كۆبوونه‌وه‌كانیشی ئه‌مانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن:

گفتوگۆ كردنی كارو چالاكیی و به‌رنامه‌ی رێكخراو له‌نێو دوو كۆبوونه‌وه‌دا

پشكداریی له‌نه‌خشه‌كێشانی ستراتیژییه‌تی كاری رێكخراو و، پێشكه‌شكردنی بیروكه‌و پێشنیار بۆ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر.

هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی چاودێری رێكخراو

به‌شی چواره‌م (دارایی و تۆماری رێكخراو):

مادده‌ی بیست و چواره‌م : سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی رێكخراو:

كۆمه‌ك و به‌خشینی و هاریكارییه‌ بێمه‌رجییه‌كانی تاك و دامه‌زراوه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمیی و نافه‌رمیی و كۆمه‌ك به‌خشه‌كان.

داهاتی دیكه‌ كه‌رێكخراو له‌رێگه‌ی چالاكییه‌كان و وه‌به‌رهێنانی دارایی ده‌ستی ده‌كه‌وێت.

مادده‌ی بیست و پێنجه‌م : چۆنیه‌تی خه‌رجكردن:

رێكخراو مافی خۆیه‌تی چۆن سه‌رمایه‌كانی به‌پێی یاساو رێنمایی و سیسته‌می په‌یڕه‌و كراو مامه‌ڵه‌ بكات، به‌جۆرێك رێكخراو پابه‌نده‌ به‌مانه‌ی خواره‌وه‌ :

أ‌.سیسته‌می هه‌ڵگرتنی تۆماره‌ یاسایی و ووردبینه‌كان، به‌پێی یاسا په‌یڕه‌وه‌كان

ب‌.رێكخستنی ژمێریاریی له‌لایه‌ن ووردبینی و به‌چاودێری چاودێرێكی موڵه‌تپێدراوی یاسایی.

ت‌.خستنه‌رووی بودجه‌و هه‌ژماره‌ كۆتاییه‌كان بۆ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو، له‌كاتی یاسایی خۆیدا ئاماده‌ ده‌كرێت بۆ په‌سه‌ند كردنیان.

ث‌.ئه‌نجومه‌نی كارگێری سیسته‌مێكی دارایی گشتی و وورد داده‌رێژێت و، تێدا رێنمایی خه‌رجكردنی دارایی و رێكخستنی دارایی تێدا روون ده‌كاته‌وه‌.

مادده‌ی بیست و شه‌شه‌م : دارایی رێكخراو :

سه‌رجه‌م سه‌رمایه‌ داراییه‌كانی رێكخراو  و به‌ناوی رێكخراو له‌بانك جێگیر ده‌كرێت و، به‌پێی چه‌كی بانكی پاره‌ی واژۆ كراو له‌لایه‌ن به‌رپرسی دارایی و دوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ده‌كێشرێت.

سه‌رجه‌م راكێشان و خه‌رجییه‌كان و هه‌ڵگرتن و داهاته‌كان به‌پسووله‌و قه‌واڵه‌ی خه‌رجكردن تۆمار ده‌كرێن.

مادده‌ی بیست و حه‌وته‌م : تۆمارییه‌كانی رێكخراو :

رێكخراو بۆ رایی كردنی كاروباری پشت به‌م تۆمارییانه‌ ده‌به‌ستێت:

تۆماری كۆنووسی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری و بڕیاره‌كانی

تۆماری ئه‌ندامێتی و، تێدا سه‌رجه‌م ناوی ئه‌ندامان و ته‌مه‌ن و پیشه‌و لێهاتوویی و مێژووی ئه‌ندامێتی ده‌نووسرێته‌وه‌.

تۆماری دارایی و هه‌ژماریی، تێدا سه‌رجه‌م داهات و خه‌رجییه‌كانی دیكۆمێنت ده‌كرێن.

تۆماری موڵكه‌كانی رێكخراو، تێدا سه‌رجه‌م كه‌رسته‌كانی رێكخراو له‌ئامێرو كه‌رسته‌ نه‌گواستراوه‌كانی تێدا تۆمار ده‌كرێت.

تۆماری نووسراوی هه‌ناردن و هاتووی، تێدا سه‌رجه‌م نامه‌ گۆرینه‌وه‌كانی ناردن و هاتووی رێكخراو تۆمار ده‌كرێن و، ژماره‌ ده‌كرێن.

كۆمه‌ڵێك تۆمار دیكه‌، به‌پێی پێویستی رێكخراو بۆ كاروباری دیكه‌.

به‌شی پێنجه‌م : هه‌موار كردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێكخراو:

مادده‌ی بیست و هه‌شته‌م : هه‌موار كردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ :

به‌پێی ئه‌م پێویستیانه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌ :

هه‌ر ئه‌ندامێك پێشنیارێك پێشكه‌ش به‌ئه‌نجومه‌نی كارگێری بكات بۆ هه‌موار كردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆیی و، هۆكاره‌كانی گۆرینه‌كه‌ش دیاریی بكات.

ئه‌نجومه‌نی كارگێری سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌و  پێشنیاره‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ هه‌موار كردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و، پێشكه‌شی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر ده‌كات.

بۆ هه‌موار كردنه‌وه‌ی هه‌ر برگه‌یه‌ك له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆیی و زیاد كردنی هه‌ر بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ یاخود سڕینه‌وه‌ی بڕگه‌یه‌ك، پێویسته‌ دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر به‌ده‌ست بهێنرێت.

مادده‌ی بیست و نۆیه‌م : ئالیه‌تی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و تێكه‌ڵكردنی رێكخراو:

یه‌كه‌م : هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێكخراو :

أ‌.هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی رێكخراو : ته‌نها له‌ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر دایه‌ رێكخراو به‌ئاره‌زوومه‌ندانه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ده‌نگی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی.

ب‌.هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێكخراو به‌ناچاری:  به‌بڕیارێكی دادگای عێراقی به‌ناچاری رێكخراو هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و، رێكخراو هه‌ڵده‌ستێت به‌ته‌واوی سه‌رجه‌م رێكاره‌ یاساییه‌ پێویستیه‌كان.

له‌هه‌ردوو حاڵه‌تدا رێكخراو پابه‌ند ده‌بێت به‌یاسا په‌یڕه‌و كراوه‌كانی عێراق تایبه‌ت به‌رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌رێكاره‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌.

ت‌.دوای بڕیاردان له‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، سه‌رجه‌م ماڵه‌ گواستراو نه‌گواستراوه‌كان و كه‌رسته‌كانی رێكخراو، بۆ رێكخراوێكی مرۆیی ناحكومی قازانج نه‌ویستی عێراق هاوشێوه‌ی ئامانج و شاره‌زاییه‌كان به‌ڕه‌زامه‌ندی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ ده‌چێت.

دووهه‌م : تێكه‌ڵبوون:

له‌حاڵه‌تێكدا دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری رێكخراو بڕیاریاندا ده‌كرێت رێكخراوی مه‌سه‌للـه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی ناحكومی عێراق قازانج نه‌ویست هاوشێوه‌ی ئامانج و تێروانین تێكه‌ڵ بێت.

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێكخراوی مه‌سه‌للـه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی به‌ده‌ر له‌ سوودی گشتی تێكه‌ڵ نابێت.

له‌كاتی تێكه‌ڵبوون، ده‌بێت رێكخراوی نوێ به‌پێی یاسا په‌یڕه‌و كراوه‌كانی عێراق بێت.

سه‌رجه‌م موڵكه‌كان (گواستراو و نه‌گواستراو) بۆ رێكخراوه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌بێت و، ده‌خرێته‌ نێو تۆماری كه‌رسته‌ی رێكخراوی نوێ.

مادده‌ی سی: بڕیار:

په‌یڕه‌وی ناوخۆی رێكخراو دوای ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی رێكخراوی مه‌سه‌للـه‌ تێبینیان پێشكه‌ش كردو، په‌یوه‌ست به‌ یاسای ژماره‌ 12 ساڵی 2009 ـی عێراقی و تایبه‌ت به‌رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و، بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو ده‌سته‌ی گشتی له‌ 25 ئه‌یلولی 2010 له‌هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو و، ئه‌م په‌یره‌وه‌ ناوخۆییه‌ په‌سه‌ند كراوه‌.

له‌دوای بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ ناوخۆییه‌ له‌سه‌ر جومگه‌كانی رێكخراو كاری پێده‌كرێت.

Unable to open the PDF file.